وێنەی کۆڤان عیدۆ خرتۆ. وێنە:شانەی راگەیاندنی ئەمنی.
دوای مانگێک
ئەو کچە ئێزدیەی لە کەمپی هۆل رزگار کرا ئەمڕۆ گەڕایەوە ناو خانەوادەکەی
964+
فەهمی نەبی
ئەگەرچی مانگێک دەبێت کچێکی ئێزدی لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە کەمپی هۆل رزگارکراوە، بەڵام ئەم ئێوارەیە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دەڵێت، “دوای 10 ساڵ توانیویانە کچێکی ئێزدی لەدەستی چەکدارانی داعش رزگار بکەن کە لەساڵی 2014-ەوە رفێنراوەتە خاکی سوریا.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاندووە، “لەکردەیەکی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق بەچاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق، توانیان کچێکی ئێزدی بەناوی (کۆڤان عیدۆ خرتۆ) رزگار بکەن”، بەڵام بەپێی هەواڵێک کە رۆژی 4.2.2024 لە 964 بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان، ئەو کچە ئێزدییەیان رزگارکردووە.
بە پێی ئامارێکی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی، بەھۆی ھێرشەکانی داعش لە 2014 بۆسەر قەزای شەنگال و دەورووبەری، شەش ھەزار و 417 ھاوڵاتی ئێزدی رفێنراون، لەو ژمارەیەش تا مانگی ئابی ساڵی رابردوو 3 ھەزار و 570 کەسیان رزگارکراون.
کەمپی هۆل، لە بیاباندایە و چوار کیلۆمەتر بە ئۆتۆمبێل دوورە لە ناوچەی مەلیکە لە نزیک شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان، دوو هەزار و 500 خێزانی چەکدارە داعشە بیانییەکانی تێدایە، زۆرێک لەوانە لە سەروبەندی تێکشکانی گرووپی چەکداری داعشەوە لە باغووز لە ساڵی 2019 وە، لە ناو کەمپەکەدا نیشتەجێ کراون.