لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینویانە

کەمپی هۆل؛ ژنە کوردێکی ئێزدی لەلایەن ژنانی یەپەژەوە رزگارکرا


ئەحمەد مستەفا

یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان، ژنێکی کوردی ئێزدییان لەناو ژنانی چەکدارانی داعش دۆزییەوە.

ژنەکە ناوی، “کۆڤان عیدۆ خۆرتۆ”، خەڵکی گوندی هەردانە لە قەزای شەنگال، کە بنەچەی کوردانی ئێزدییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4.2.2024، لە بڵاوکراویەکدا YPJ دەڵێت، لە رێگەی ئەو زانیارییانەی لە پەیجە مەجازییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، توانیویانە ئەو ژنە ئێزدییە بدۆزنەوە و لەناو کەمپ و خێزانەکانی چەکدارانی داعشدا رزگاری بکەن.

بە پێی ئامارێکی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی، بەھۆی ھێرشەکانی داعش لە 2014 بۆسەر قەزای شەنگال و دەورووبەری، شەش ھەزار و 417 ھاوڵاتی ئێزدی رفێنراون، لەو ژمارەیەش تا مانگی ئابی ساڵی رابردوو 3 ھەزار و 570 کەسیان رزگارکراون.

ماوەی نۆ رۆژە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی بە ھاوکاری ھێزە ناوخۆییەکانی رۆژئاوای کوردستان، بۆ گەران و پشکنین بەسەر چەک و تەقەمەنی لەناو کەمپەکەدا بەردەوامە، جیاواز لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک خێزان و گومانلێکراوی داعش.

کەمپی هۆل، لە بیاباندایە و چوار کیلۆمەتر بە ئۆتۆمبێل دوورە لە ناوچەی مەلیکە لە نزیک شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان.

دوو هەزار و 500 خێزانی چەکدارە داعشە بیانییەکانی تێدایە، زۆرێک لەوانە لە سەروبەندی تێکشکانی گرووپی چەکداری داعشەوە لە باغووز لە ساڵی 2019 وە، لە ناو کەمپەکەدا نیشتەجێ کراون.