شەقامی چوون بۆ کەرکوک دەردەخات لە ناوەندی شاری هەولێر _ وێنە: 964
پێشنیار دەخرێتەڕوو
ئەمڕۆ رۆژی بێ ئۆتۆمبێلی بوو؛ دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێم هەن
ئەحمەد مستەفا
لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان بە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبیل خەمڵێنراوە، لەوانەش نزیکەی 29 هەزار ئۆتۆمبیلی میرییە، ئەمڕۆ لە جیهان رۆژی بێ ئۆتۆمبێلی بوو.
بەڵام، بەپێی ئەم ئامارانە، بە تێکڕا هەر پێنج کەس دوو ئۆتۆمبیلیان بەردەکەوێت، کە دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی کێبرکێی هاتوچۆ لە شەقامەکانی هەرێم بێت.
لە ئاستی عێراقدا، ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان نزیکەی هەشت ملیۆنە، لە کاتێکدا لە ئاستی جیهاندا نزیکەی یەک ملیار و 699 ملیۆن ئۆتۆمبیل و ئامێری گواستنەوە لەسەر ڕێگاوبانەکان تۆمار کراوە.
مەعروف مەجید، سەرۆک رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بە 964ت وت، بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان لە هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر پێویستی بە هەنگاوی جددی بۆ کەمکردنەوەی کێبرکێی هاتوچۆ لە شەقامەکان دەکاتەوە.
مەعروف مەجید پێشنیاری کرد، گواستنەوەی گشتی بە پاسی مۆدێرن و خێرا پەرەی پێ بدرێت و هێڵی شەمەندەفەری ناوشاری بە نرخێکی گونجاو دابین بکرێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان کەمتر پشت بە ئۆتۆمبیلی تایبەت ببەستن.
هەروەها پەرەپێدانی رێڕەوی پیادە و پاسکیل و دروستکردنی شوێنی سەلامەت بۆ هاتوچۆی کورتمەودا بە گرنگ دەزانێت، بەپێی لێدوانەکەی، هاندانی فەرمانبەران و قوتابیان بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلی هاوبەش، دانانی باجی پارککردنی گرانتر لە ناوەندی شار و سنووردارکردنی هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبیلەکان لە کاتە قەرەباڵغەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
رۆژی 22ی ئەیلوولی بە ڕۆژی جیهانی بێ ئۆتۆمبێل (World Car Free Day) ناسراوە، ئامانجی ئەم رۆژە بریتییە لە، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت، کەمکردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەکان، هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی، پاسکیل و پیادەڕۆیی و کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا و پاراستنی ژینگە.