تەمەنی خانەنشینی بۆ کەسوکاری شەهیدان بۆ 65 ساڵ درێژکرایەوە
بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە
تەمەنی خانەنشینی بۆ کەسوکاری شەهیدان بۆ 65 ساڵ درێژکرایەوە
شۆڕش قادری
بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تەمەنی خانەنشینی بۆ کەسوکاری شەهیدان بۆ 65 ساڵ درێژکرایەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕگەیەکی تایبەت بە رێنماییەکانی یاسای خانەنشینی هەموار کردەوە و بازنەی سوودمەندبووانی لە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ فراوانتر کرد.
بەپێی فەرمانە تازەکە، بڕیار دراوە کە مافی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ، جگە لە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان، ئەم توێژانەی خوارەوەش بگرێتەوە:
– ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانی کوردی فەیلین.
– ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، کە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی (ئیتیحادی) ژمارە (2)ی ساڵی 2016ـی هەموارکراو تۆمارکراون.
هەروەها لە فەرمانەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارە، پێشکەشکردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی دۆسییەکانیان.
ساڵی رابردوو و بەدیاریکراوی رۆژی 15.1.2025 سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەبڕیارێک تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە کەمکردەوە بۆ 60 ساڵ.