سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و ژمارەیەک پلەدار دەردەکەون
پیرۆزبایی نارد
سەرۆک ئەرکانی سوپا: چاومان لە هەماهەنگی زیاترە لەگەڵ پێشمەرگە
ئەحمەد مستەفا
سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، فەریق یەکەمی روکن عەبدولئەمیر ەشید یارەڵا، بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە جگە لە پیرۆزبایی نوسیوویەتی، ئەم هەنگاوەی بە وێستگەیەکی گرنگ لە پرۆسەی یەکخستنی هەوڵە سەربازییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی ئەمنی لە عێراق دادەنێم.
یارەڵڵا لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 22.9.2026 بڵاوی کردووەتەوە، کارەکەی بۆ گرنگی دامەزراوەیبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و کاریگەریی لەسەر پتەوکردنی دیسیپلین، ئامادەباشی و یەکپارچەیی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان کرد. هەروەها، هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێشمەرگەی بە دوو بەشی دانەبڕاو لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانی ناوبرد.
ئەو نوسیوویەتی، ئێمە چاومان لە هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشیی زیاترە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکات و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی زیاتر بچەسپێنێت.
دەقی قسەکانی:
بەبۆنەی ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی فەرماندە، ئەفسەران، پلەداران و کارمەندانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەم. پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە گرنگەیان لێدەکەم کە وێستگەیەکی دیارە لە کاروانی یەکخستنی هەوڵە سەربازییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی ئەمنی لە عێراقدا.
بێگومان ئەم ڕاگەیاندنە لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی یەکگرتوودا دێت و پایەیەکی گرنگە بۆ پتەوکردنی دیسیپلین و ئامادەباشی، هەروەها چەسپاندنی پرەنسیپی یەکپارچەیی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی لە پێناو پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتییان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و هەڕەشە جۆراوجۆرەکان.
لەم بۆنەیەدا، لە وەزارەتی بەرگری جەخت دەکەینە سەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی، هاوکاری و تەواوکاری لە نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا، وەک دوو بەشی دانەبڕاو لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانی، کە لە میانی شەڕەکانی ڕزگارکردندا سەلماندیان شانبەشانی یەکتر لە یەک سەنگەردان بۆ بەرگریکردن لە خاکی عێراق و گەلەکەی لە دژی تیرۆر.
هاوکات، ئەو هەوڵانە بەرز دەنرخێنین کە لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستانەوە دراون، لە پێشەنگیاندا بەڕێز مەسعود بارزانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەڕێز مەسرور بارزانی، بەڕێز قوباد تاڵەبانی، بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، لە پێناو یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەرەوپێشبردنی تواناکانیان.
ئێمە چاومان لە هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشیی زیاترە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکات و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی زیاتر بچەسپێنێت.
لە خوای گەورە داواکارین کە عێراق و گەلەکەی بپارێزێت، ئاسایش، سەقامگیری و یەکڕیزی بۆ نیشتمانە ئازیزەکەمان بەردەوام بکات.
فەریق یەکەمی ڕوکن هێزە تایبەتەکان
عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا
سەرۆکی ئەرکانی سوپا
22ـی ئەیلولی 2026