لە ناوچە گەشتیارییەکانی سلێمانی

خۆڵ و پاشماوە جێبهێڵن سزا دەدرێن

پێشەوا محەمەد

شارەوانیی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان لە کاتی سەردانکردنیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان خۆڵ و پاشماوەکانیان جێنەهێڵن، چونکە وەک دەڵێن سزای بەدواوەیە.

لەبەرئەوەی لەمەودوا وەرزی زستانە، تیمەکانی شارەوانی لە سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکان پاککردنەوەیان ئەنجام داوە و بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و هاوڵاتیان بە پاک و خاوێنی ئامادەیە.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی وت، “ئەوانەی دەچنە چیای ئەزمەڕ و گۆیژە و شەقامی دەباشان و شەقامی بەرەو تونێلی پێشڕەو پێویستە پاشماوەی خۆڵ وخاشاک لە شوێنی تایبەت بەخۆی کۆبکەنەوە و لە ناوچە گەشتیارییەکاندا سەلەی تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ بوونی هەیە”.

وتیشی، “بۆ هاوڵاتیان کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکەکەی هەمووی چەند دەقەیەکی پێویستە، بەڵام هی هەموو سەیرانگا یان ناوچەی گەشتیارییەک بۆ کارمەندانی پاککەرەوە و شارەوانییەکان دەبێتە بارێکی گران و ئەرکێکی زۆر”.

ساڵانە لە وەرزی گەشت و سەیران و چوونەدەرەوەی هاوڵاتیاندا شارەوانییەکان و فەرمانگەکانی ژینگە بە شێوازی جۆراوجۆر هاوڵاتیان لە پاکڕاگرتنی ناوچە گەشتیارییەکان ئاگادار دەکەنەوە.

وتەبێژەکەی شارەوانیی سلێمانی وتیشی، “پیسکردنی ناوچە گەشتیارییەکان لە لایەن هەرکەسێکەوە بێت ئەگەر پاکی نەکاتەوە بە سەرپێچی دادەندرێت”.