"بۆ هێرشی سەر لوبنان وەڵاممان دەبێت"
ئێران راگرتنی هێرشهكانی دژی ئیسرائیل راگهیاند
فەرهاد حەسەن
بارەگای خاتەم ئەلئەنبیای سهر سوپای پاسدارانی ئێران ئهمڕۆ دووشەممە راگرتنی هەمو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ دژی ئیسرائیل راگهیاند، ئهوهش دوای ئهوهی دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمریكا داوای له ئێران و ئیسرائیل كرد شهڕ رابگرن.
بارەگاکە لە بەیاننامەیەکدا باسی لهوهكردوه، “هێرشهكانمان راگرتوه، بهڵام دوای وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، بەتایبەتی لە باشوری لوبنان، وەڵامدانەوەمان بەهێزتر دەبێت”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “دەبوایە قەوارەی زایۆنی و هاوپەیمانەکانی لە وەڵامدانەوەی ئێمە وانە وەربگرن”.
بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا دهڵێت، وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دوای ئەوە هات کە هێزە چەکدارەکان وەڵامێکی پڕ لە ئازاریان بۆ ئەو قەوارەیە دایەوە بۆ پشتیوانی لە گەلی لوبنان.
دۆناڵد ترەمپ ئهمڕۆ دوشەممە له پهیامێكی كورتدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی “X” باسی لهوهكردوه، “دهبێت ئیسرائیل و ئێران دەستبەجێ شهڕ ڕابگرن”.
دوێنێ یەکشەممە ئیسرائیل بۆ یەکەمجار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوری بەیروت دەستپێکرد، دوای ئەوەی ئەمریکا چەند رۆژێک پێشتر پلانی ئاگربەستی بۆ لوبنان راگەیاند.
ئێران لە بەرامبەردا زنجیرەیەک موشەکی ئاڕاستەی ئامانجەکانی ئیسرائیل کرد و هەڕەشەی لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران کرد، بەڵام ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی فراوانتر هێشتا لە دەستیدایە.