بە بەشداری 40 ئەسپسوار
لە شێلادزێ یەکەم فێستیڤاڵی ئەسپسواری ئەنجامدرا
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ناحیەی شێلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەسپسواری بەڕێوەچوو، خەڵکێکی زۆر بۆ تەماشاکردنی نمایشەکان بە جۆش و خرۆشەوە ئامادەبوون.
بە بەشداری 40 ئەسپسوار فێستیڤاڵەکە، کە لە چوار برگە پێکهاتبوو بەڕێوەچوو ئەویش پاڵەوانیەتی ئەسپسوار، نمایشی ئەسپ، راکردنی ئەسپ و زیرەکی ئەسپ بوو.
بێوار چەمتی، رێکخەری فێستێڤاڵەکە بە 964ی وت، یەکەمجارە فێستیڤاڵێکی لەو جۆرە ئەنجامدەدرێت لە پارێزگای دهۆک، فێستیڤاڵەکە لە چوار برگەی جیاواز پێکهاتووە، لە هەر برگەیەک پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم دیاریکرا، تەنیا لە برگەی نمایشی ئەسپ جوانترین ئەسپ دەستنیشاندەکرێت.
وتیشی، زیاتر لە 150 کەس ویستیان بەشداریبکەن، بەڵام بەهۆی بچووکی شوێنەکە و کەمی کات، تەنیا 40 ئەسپسوار توانیان بەشداریبکەین.
“لە پلانمانە ساڵانی داهاتوو زیاتر گرنگی بە ئەسپسواری بدەین، چونکە ناوچەکەمان گونجاوە بۆ ئەسپسواری”، رێکخەری فیستیڤاڵەکە وای وت.
چەند ساڵێکە ئەسپسواری لە هەرێمی کوردستان گرنگی پێدەدرێت، هەرچەندە لە پاريزگای دهۆک هیچ فێرگەیەکی ئەسپسواری نییە، بەڵام خەڵکی سنوورەکە خویان چالاکی رێک دەخەن.
پێداوچوونەوە: هاوبەش