وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر وادەڵێت

“زۆربەی حاڵەتەکانی خنکان بەهۆی ساردی ئاوەکان و کۆبوونەوەی قوڕ و لیتەوەیە”

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت، زۆربەی حاڵەتەکانی خنکانی ئەمساڵ لە ئاوەکاندا بەهۆی ساردی ئاوەکان و کۆبوونەوەی قوڕ و لیتەوە روودەدەن.

شاخەوان سەعید لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری 964 رێنمایی دایە هاوڵاتیان و وتی، “ئاوەکانی ئێمە بەگشتی مەترسیان لەسەرە، چونکە ئەمساڵ قوڕ و لیتەیەکی زۆریان تێدا کۆبووەتەوە و ئەو کەسانەی بۆ مەلەکردن دەچنە ناویان، لە چەند مەترێکی کەمدا گیردەخۆن و توانای مەلەکردنیان نامێنێ، وەکوو ئەو حاڵەتەی کە لە گۆمەسپان روویدا”.

“گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر ئاوەکاندا هاتووە، رووکەشی ئاوەکان گەرمە، بەڵام ناو ئاوەکە ساردە و ئەوە کەسەی دەچێتە ناوی، لەناکاو تووشی گرژبوونی ماسولکەکان دەبێت و رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە” شاخەوان سەعید وای وت.

ئاشکراشیکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا حەوت حاڵەتی خنکان لە ئاوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر روویانداوە و تەرمەکانیان دەرهێناونەتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری