لە گردەسێن
ژنێک لەنێو فەرمانگەیەکی حکومی پیاوێکی داوەتە بەر گوللە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە فەرمانگەی باری شارستانی ناحیەی گردەسێن، ژنێک پیاوێکی داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەشوێنەکە هەڵاتووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەست 964 کەوتووە، رووداوەکە پەیوەندی هەیە بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، ئامۆزایەکی ئەو پیاوەی بریندارکراوە، لەرابردوو باوکی ئەو ژنەی کوشتووە.
ئەحمەد سلێمان، بەڕێوبەری ناحیەی گردەسێن بابەتەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، رووداوەکە لەبەردەم دەرگای فەرمانگەی باری شارستانی روویداوە، ژنەکە لەناو ئۆتۆمبێل بووە ئەو کاتەی پیاوەکەی بینیوە دابەزیوە و دەستڕێژی گوللەی لێ کردووە و هەڵاتووە و هێشتا دەستبەسەر نەکراوە.
بەوتەی بەڕێوبەری ناحیەی گردەسێن، ئەو پیاوەی تەقەی لێکراوە تەمەنی 55 ساڵە.
نێچیرڤان فەخرەدین هەرکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە 964ی وت، نیو کاتژمێر لەمەوبەر پیاوێک بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی ئاکرێ چوار گوللەی بەرکەوتووە، یەکێک لە گوللەکان بەردەستی کەوتووە و یەکێکی دیکە بەر قاچی کەوتووە، دوو گوللەکەی تر بە سکی کەوتووە و یەکێک لە گوللەکان لە پشتی دەرچووە.
ئەوەشی وت، بەهۆی خراپی دۆخی، بریندارەکە رەوانەی فریاکەوتنی هەولێر کراوە.
964 هەوڵیدا لەگەڵ پۆلیسی ئاکرێ قسە بکات، بەڵام وەڵامی پەیوەندیان نەدایەوە.