بەهۆی هەورە بروسکە لەکار کەوتبوو

کەی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دووی هەولێر دەکەوێتەوە کار؟

964+

فەهمی نەبی

بەدیاریکراوی 10 رۆژە هەورە بروسکە بەشی کارەبای پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دووی هەولێری سووتاندووە و تیمەکانی چاککردنەوە لە کارەبای هەولێر سەرقاڵن و بەڕێوەبەری ئاوی هەرێم دەڵێت: ئەم هەفتەیە کارەکانی تەواو دەبێت.

رۆژی 16.2.2024 هەورە بروسکە سیستمی کارەبای پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دووی سووتاند، هەر ئەو کاتە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر رایگەیاند بۆ چاککردنەوەی 20 رۆژیان پێویست دەبێت.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم بۆ 964 قسەیکردووە وتی، “رۆژی دوای تێکچوونی بەشی کارەبای پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دوو، تیمێکی بەشی چاککردنەوەی کارەبای هەولێر هاتوون و لەوە دەچێت ئەم هەفتەیە کارەکانی تەواو بێت و پرۆسەی دابەشکردنی ئاو دەستپێبکاتەوە”.

سەبارەت بە دابینکردنی ئاو بە تانکەر بۆ ئەو گەڕەکانەی رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە بەهۆی لەکارکەوتنی بەشی کارەبای پڕۆژەی ئیفراز دوو ئاری ئەحمەد دەڵێت، “بەهۆی ئەوەی ئەو ماڵانەی دەکەونە سەر ئەو پڕۆژەیە لەرێگەی ئاوی ئیفراز یەک و سێ بەشێک لە ئاویان بۆ دابینکراوە، کەس نەبووە پەیوەندی بکات و پێویستی بە ئاو بێت تا بە تانکەر بۆی دابین بکەین”.

بەهۆی لەکارکەوتنی پڕۆژەکە هەریەکە لە گەڕەکەکانى کوێستان، ئارى، سەڵاحەدین، عولەما و بەشێک لە گەڕەکى بەختیارى و کوردستان کێشەی کەمئاویان بۆ دروست بوو.

بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم دەڵێت، “پلانمان ئەوەیە کۆی سیستمی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دوو بگۆڕین چونکە، 41 ساڵ بەسەر دروستکردنی تێپەڕیووە، پێویست بوو هەر 10 ساڵ جارێک ئەو سیستمە بگۆڕایە، ئێستا تەنیا ئەوە ماوە بودجەی بۆ دیاریبکرێت”.

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەک ساڵی 1969 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1983 و ئیفراز سێ بە دوو قۆناغ جارێک ساڵی 2006 جارێکی دیکە ساڵی 2016 دروستکراون.

کارەباى ئاوى ئیفراز 2 سووتاوە و بۆ چاککردنەوەی 20 رۆژی پ...

کارەباى ئاوى ئیفراز 2 سووتاوە و بۆ چاککردنەوەی 20 رۆژی پێویستە

ئاوی هەولێر داوا دەکات ماڵەکانی بۆری ئیفراز دوو پەیوەن...

ئاوی هەولێر داوا دەکات ماڵەکانی بۆری ئیفراز دوو پەیوەندییان پێوە بکەن