بەهۆی کەوتنە خوارەوەی لەباڵەخانە
کرێکارێک لە هەولێر گیانی لەدەستدا
964+
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کرێکارێک لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
حەسەن رەمەزان، وتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، ئەو کرێکارە ناوی دێدەوان حەسەنە و خەڵکی شاوێسە لە هەولێر، ئەمڕۆ لە کاتی سەرقاڵبوونی بە خۆڵ و خاشکی یەکێک لە باڵەخانەکانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، “کرێکارەکە خەڵکی هەولێرە و خاوەنی دوو منداڵە و تەرمەکەی بە خاک سپێردراوە”.
ئەمڕۆ سەندیکا دەوامی نەبووە، بۆیە وتەبێژەکەی دەڵێت سبەینێ یەکشەممە دەچنە سەر شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو کرێکارە دەکەن.
بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، ئەمساڵ ئەوە سێیەم کرێکارە لە هەولێر لە کاتی کارکردن گیان لەدەستدەدات، دوو کرێکاریان خەڵکی هەولێر بوون و یەکێکیان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بووە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد