چەند دوکانێکی شاری بۆکان بە داخراوی - وێنە: ئاژانسەکان
"بەهۆی مانگرتنیانەوەیە"
حساب بانکی بەشێکی کاسبکارانی شاری بۆکان داخراوە
پێشەوا محەمەد
بەهۆی بەشداریکردنیان لە مانگرتنی گشتی، حساب بانکی زۆرێک لە کاسبکارانی شاری بۆکان داخراون، زانیارییەکە هی رێکخراوی هەنگاوە و دەڵێت، ئەو کارە فشارە بۆ شکاندنی مانگرتنەکەیان.
هەفتەی رابردوو چوار کورد لە ئێران لەسێدارە دران و ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە کاسباکارانی شارەکانی رۆژهەڵات وەک ناڕەزایەتییەک دەستیان بە مانگرتن کردووە و دوکان و بازاڕەکانیان ناکەنەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، ئەمڕۆ چوارشەممە 14.2.2024 بڵاویکردووەتەوە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا بە فەرمانی راستەوخۆی بەرپرسی بەڕێوەبەری پیشەسازی و کانگە و بازرگانیی شاری بۆکان، هەژماری بانکی زۆرێک لە کاسبکارانی ئەو شارە بەهۆی بەشداریکردنیان لە مانگرتنی گشتی داخراوە.
پێشتر هەژماری بانکی کاسبکارانی شارەکانی سەقز و مهاباد راگیرابوون.
“داخستنی حساب بانکییەکان فشارە لەسەر کاسبکاران تا مانگرتنەکەیان بشکێنن و بگەڕێنەوە ناوبازاڕ و دوکانەکانیان بکەنەوە”، ئەوەش نووسراوی ناو راگەیەندراوەکەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوە.