هۆشداری لە دروستبوونی "نەوەیەکی نوێ"ی داعش دەدرێت

نزیکەی 20 هەزار چەکدار و خێزانی داعش لە سووریاوە بەرەو سنوورەکانی عێراق هەڵاتوون

فەرهاد حەسەن

راپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتیی ئەمریکا بۆ پڕۆسەی “عەزمولسەلب” هۆشداری دەدات لە داڕمانی سیستەمی دەستبەسەرکردنی چەکدارانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەپێی خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کە لە رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاوکراونەتەوە، لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار کەسی سەر بە رێکخراوی داعش لە ئێستادا شوێنیان نادیارە و مەترسی ئەوەیان لێ دەکرێت بەرەو ناوچە سنوورییەکانی عێراق ڕۆیشتبن.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتای ئەمساڵ بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، سیستەمی پاراستنی زیندان و کەمپەکان تووشی داڕمان بووە.

کەمپی هۆل: ژمارەی دانیشتووانی کەمپەکە بە شێوەیەکی شۆککەر لە  23 هەزار و 400 کەسەوە کەمبووەتەوە بۆ کەمتر لە هەزار و 500 کەس و تەواوی ژنان و منداڵە بیانییەکانیش لە رێگەی قاچاخچێتی و سوودوەرگرتن لە کەلێنە ئەمنییەکان هەڵاتوون.

زیندانی شەدادی: بەهۆی پێکدادانی چەکداری و هێرشی خانە نوستووەکان، نزیکەی  هەزار و 500 زیندانی داعش لەم زیندانە هەڵاتوون.

لەبارەی هۆکارەکان و بۆشایی ئەمنییەوە، راپۆرتە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن کە کشانەوەی کوردەکان (هەسەدە) و هاتنی سوپای سووریا و میلیشیا خێڵەکییەکان بۆ ئەو ناوچانە، وایکردووە قاچاخچییەکان و خانە نوستووەکانی داعش ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ دەربازکردنی هەزاران کەس کە ئێستا وەک “بێسەروشوێن” ئەژمار دەکرێن.

راپۆرتەکە باس لەو ئالنگارییانەی کە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە و بوونەتە پێشهاتێکی مەترسیداری گەورە بۆ سەر ئاسایشی عێراق دروست دەکات، لە کاتێکدا عێراق خۆی رووبەڕووی ئەم دۆخانە بووەتەوە:

قەرەباڵغی زیندانەکان: راپۆرتێکی گۆڤاری “جاست سیکیوریتی” ئاشکرای کردووە کە زیندانەکانی عێراق بە رێژەی 300٪ قەرەباڵغی تێدایە و توانای وەرگرتنی زیندانی نوێی نەماوە.

لەبارەی سنوورەکانیشەوە باسی لە مەترسی داعش کردووە کە ئەم هەلە بەکاربهێنێت بۆ ڕێکخستنەوەی خانەکانی لە بیابانی سووریا و سەر سنوورەکانی عێراق، وەک ئامادەکارییەک بۆ دروستکردنی “نەوەیەکی نوێ” لە چەکدارەکان.

چاودێران لە راپۆرتەکەدا دەڵێن، ونبوونی بەکۆمەڵەی چەکدار و خێزانەکانی داعش، هەڕەشەیەکی ستراتیژییە و ئەگەری هەیە جارێکی دیکە ئاسایشی ناوچەکە و بە تایبەت سنوورەکانی عێراق بخاتە ژێر مەترسییەکی جدییەوە.