هۆکارەکەی نەزاندراوە
لە سەڵاحەدین؛ بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن دەستگیرکرا
فەرهاد حەسەن
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکردنی “عەدنان حەمەد حەمود”، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکووری بۆ 964 پشتڕاستکردەوە.
بەپێی زانیارییەکان کە دەست 964 کەوتووە پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە شەوی رابردوو بووە، فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەدین لە بروسکەیەکی فەرمیدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە، دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە باڵایەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکاری زیاتر و هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە.
دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسە لە کاتێکدایە، کە تەنیا مانگێک پێش ئێستا، عەدنان حەمەد حەمود بە فەرمانێکی دیوانی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور لادرا و “قوسەی خەلەف” وەک جێگرەوەی ئەو دەستنیشانکرا.