بە رێژەی 85%؛ خوێندنی کوردی لە کەرکوک بەرزترین رێژەی دەرچوونی تۆمارکرد
کاروان ساڵحى- کەرکوک
ئەمڕۆ شەممە (30.5.2026)، پاش ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشەمی بنەڕەتیی بڵاوکردەوە، دەرکەوت خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکوک بەرزترین رێژەی دەرچوونی لە چاو ساڵانی رابردوودا تۆمارکردووە.
رەئوف محەمەد، بەرپرسی یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی لە کەرکوک بە 964ـى راگەیاند، لە تاقیکردنەوە وەزارییەکانی ئەمساڵدا، 6369 قوتابیی سەر بە خوێندنی کوردی بەشدارییان کردووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 5500 قوتابی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ئەوانەی دیکەش تەنیا لە یەک یان دوو وانە کەوتوون.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژەکە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، سەرپەرشتیارەکەی خوێندنی کوردی ئامارەکانی خستەڕوو و وتی: “رێژەی دەرچوون لە ساڵی خوێندنی 2023-2024 بە رێژەی 53% بووە، لە ساڵی 2024-2025 بەرزبووەتەوە بۆ 61%، بەڵام بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2025-2026) رێژەکە بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە 85%، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکوک”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەراوردی خوێندنی کوردی بە نەتەوەکانی دیکە کرد و ئاشکرای کرد، رێژەی دەرچوون لە خوێندنی عەرەبی 70% بووە، هەروەها خوێندنی تورکمانی 88% بووە، بەڵام هۆکاری بەرزیی رێژەی تورکمانییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ژمارەی قوتابییەکانیان زۆر کەمترە لە چاو قوتابیانی کورد.
دەربارەی هۆکاری ئەم سەرکەوتنە بەرچاوەی خوێندنی کوردی، رەئوف محەمەد هۆکارەکەی بۆ ماندووبوون و هیمەتی مامۆستایان گەڕاندەوە و روونیکردەوە: “پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوە وەزارییەکان، بۆ ماوەی هەفتەیەک خولێکی خێرا بۆ پێداچوونەوەی سەرجەم وانەکان کرایەوە، هەروەها تاقیکردنەوەی ئەزموونی (دەرەکی) بۆ قوتابیان ئەنجامدرا تاوەکو پێش چوونە ناو هۆڵەکان ترسیان بشکێت و بەرچاوڕوونییان هەبێت لەسەر شێوازی پرسیارە وەزارییەکان”.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە شەفافیەتی پرۆسەکە کرد و وتی،” لە پێناو رێگریکردن لە هەر گومانێک، لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی خوێندنی کوردیدا، مامۆستایانی عەرەب و تورکمان وەک چاودێر دانرابوون، بە هەمان شێوە مامۆستایانی کوردیش چاودێریی هۆڵەکانی خوێندنی عەرەبی و تورکمانییان دەکرد”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح