هەریەکە و 5 ملیۆن دینار و ئایفۆنێکى 17
جەژنانەى عەلى زەیدى بۆ 50 هونەرمەند
ژوورى هەواڵ
سەرۆک وەزیرانى نوێى عێراق، وادیارە دەست و دڵى زۆرباشە و لە جەژندا دەستواڵایى خۆى بەرامبەر هونەرمەندان پیشاندا، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ 50 هونەرمەندـ هەریەکە و بڕى 5 ملیۆن دینار و ئایفۆنێکى 17ـى پێ بەخشین.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، شاندێک کە ژمارەیان نزیکەی 50 هونەرمەند دەبوو و سەرجەمیان خەڵکی بەغدا بوون، سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردووە، لەنێویاندا چەندین کەسایەتیی دیاری هونەریی عێراقی و عەرەبی تێدابووە، وەک سامی قەفتان، ئیناس تالیب، محەمەد عەبدولجەبار و جەبار جودی، نەقیبی هونەرمەندانی عێراق.
سەرچاوەکە وتیشی،”دوای جەژنەپیرۆزە و خستنەڕووی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هونەرمەندان، سەرۆک وەزیران پێی راگەیاندوون “نووسین و قەڵەم لە ئێوە، جێبەجێکردنیش لە من”.
بەپێی زانیارییەکانی 964 کە لەو سەرچاوەیە وەریگرتووە، دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ، لە کۆتایی سەردانەکەدا سەرۆک وەزیران وەک جەژنانە بڕی پێنج ملیۆن دینار و مۆبایلێکی “ئایفۆن 17″ـی بەسەر سەرجەم ئامادەبوواندا دابەشکردووە.
لەسەر ئەم پرسە، قاسم غەمگین، سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە 964ـی وت، “هیچ قسەیەکم لەسەر بابەتی سەردانیکردن و خەڵاتەکە نییە، بەڵام ئێمە لە کەرکوک نزیکەی هەزار هونەرمەندمان هەیە، ساڵانە بڕێک پارەیان پێدەدرێت وەک پاڵپشتیی، ئەمەش تەنیا بۆ هونەرمەندان نییە، بەڵکو رۆژنامەنووسان، ئەدیب و نووسەرانیش دەگرێتەوە”.