دیمەنێکی قەزای کۆیە
حەسارەکان یەک هەفتەیان مۆڵەتە
شارەوانی کۆیە هەڵمەتێکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵا و رێگری لە ئاژەڵداری نێو شار دەستپێدەکات
وریا فەتاح
سەرۆکایەتی شارەوانی کۆیە هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگەی شارەکە و چارەسەرکردنی دیاردەی سەگی بەرەڵا دەستپێدەکات، مۆڵەتی هەفتەیەکیش دەداتە ئەو ماڵانەی ئاژەڵ و پەلەوەر لەنێو گەڕەکەکاندا رادەگرن.
بەپێی راگەیەندراوێکی هۆبەی ژینگەی شارەوانی کۆیە، بڕیارەکان بەم شێوەیە جێبەجێ دەکرێن:
کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵا: لە سبەینێوە (یەکشەممە) پرۆسەی گرتن و دوورخستنەوەی سەگە بەرەڵاکان لەنێو کوچە و کۆڵانەکاندا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان دەستپێدەکات.
قەدەغەکردنی پەلەوەر لە ماڵاندا: راگرتنی سەگی ماڵی، مریشک، قاز و هاوشێوەکانیان لەنێو حەوشە و ماڵاندا قەدەغەیە، سەرپێچیکاران رووبەڕووی پێبژاردن (غەرامە) دەبنەوە و پەلەوەرەکانیان لێ دەسەندرێت.
لابردنی حەساری ئاژەڵ: پێویستە لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرجەم حەسارەکانی مەڕومەڵات و مانگا لە سنووری شارەکەدا دووربخرێنەوە.
شارەوانی کۆیە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە یەکشەممەی داهاتووەوە، تیمەکانیان بە شێوەیەکی گشتی بەسەر سەرجەم گەڕەکەکاندا دەگەڕێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و سیمای شارستانی کۆیە، هاوکار و پابەند بن.