زۆربەی بەهۆی بەسەرچوون بووە
لە چەمچەماڵ چوار تۆن خۆراک و شتومەکی خراپبوو لەناوبرا
964+
ژووری هەواڵ
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە بازاڕەکانی چەمچەماڵ و بازیان بڕی چوار تۆن خۆراک و شتومەک دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمڕۆ بە بارهەڵگر گواسترانەوە بۆ شوێنی دوورەدەست و لەناوبران.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11.2.2024، د.شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە964ی وت، زۆربەی ئەو خۆراکانەی کە لەنێوبراون بەهۆی بەسەرچوون و لێدانی بەرواری هەڵە دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، زۆربەی ئەو خۆراکانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە ئاردن و نزیکەی 40 فەردە ئارد بەهۆی خراپبوون و بەسەرچوون لەنێوبراون.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ، ساڵی رابردوو مارکێت و دووکانەکانی چەمچەماڵ ویستویانە زیاتر لە 52 تۆن خواردن و خواردنەوەی خراپ بەسەر خەڵکدا ساغبکەنەوە، بەڵام رێگریان لێکراوە و سزا دراون، لەسەر فرۆشتنی خواردن و کەلوپەلی خراپیش 120 شوێن غرامە کراون و 66 شوێنیش داخراون.
مەڵبەندی خۆپاراستنی تەندروستی چەمچەماڵ بە هاوکاری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی چەمچەماڵ سێ هەزار و 60 شوێنیان بەسەر کردووەتەوە و لەئەنجامدا 52 تۆن و 600 کیۆ خواردن و خواردنەوەی ماوەبەسەرچوویان دۆزیوەتەوە و لەنێویانبردووە.