گوڵەکان ژەهراوی بوون

هەنگەکانی دهۆک مەترسی لە ناوچوونیان هەیە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

لە دهۆک مەترسی لەناوچوونی مێش هەنگەکان روو لە زیادبوونە، و مێشەوان داواکاری لەلایەنی پەیوەندیدار دەکەن رێگاچارەیەکیان بۆ بدۆزنەوە.

بەپێی ئەو ئامارەی 964 لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک دەستی کەوتووە، لە پارێزگای دهۆک سێ هەزار و 213 هەنگەوان هەن، بەرهەمی ساڵانەی هەنگوین 127 هەزار و 77 کیلۆی هەنگەوین بەرهەم دێت.

ئەڤین سەلیم، ئەندازیاری کشتۆکاڵی لە دهۆک بە 964ـى وت، ئەوە چەند هەفتەیەکە ژمارەیەکی زۆر هەنگەوان داواین لێ دەکەن چارەسەری ئەو دۆخەیان بۆ بدۆزنەوە چەنکە هەنگەکانیان لە مەترسی لەناوچووندان.

وتیشی، “لێکۆڵینەوەم لە زۆرێک لە هەنگەکان کردووە، ژەهر دەکەوێتە سەر گوڵەکان ئەوەش بووە بە هۆکاری ئەوەی مێش هەنگەکان کاتێک لە نزیک گوڵێک یان رووەکێک بن دوای کۆکردنەوەی خۆراک دەمرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، مەترسی گەورە لەسەر پیسی ژینگە و رووەک هەیە، کاریگەری دوکەڵی مۆلیدەکان، دەبێتە هۆی لەناوچوونی زۆربەی هەنگەکان و زیانێکی زۆر بەکەرتی کشتوکاڵ لە داهاتوودا دەگەیەنێت.

بۆ ئەم بابەتە 964ـى پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی کشتۆکاڵی دهۆک ئەحمەد جەمیل کرد و وتی، لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییەکە و لە ناوچوونی مێش هەنگەکان دەستیپێکردووە و تا ئێستا هۆکاری سەرەکی دیاری نەکراوە .

زۆربەی هۆکارەکانی زیادبوونی مردنی هەنگ لەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشی و گۆڕانی کەشوهەوا و هەڵنەگرتنی هەنگوین لەناو سندوقەکاندا، ئەحمەد جەمیل وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی