"بۆ کەمکردنەوەى بێکارى"
وەزارەتی پلان دانان: 35%ـی پڕۆژەکانی عێراق دەدرێنە کەرتی تایبەت
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی پلان دانی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنیی نوێوە چاودێری وردی سەرجەم پڕۆژەکانی وڵات دەکەن بۆ ئەوەی خێرا جێبەجێ بکرێن. وەزارەتەکە ئاشکراشی کرد کە قەبارەی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە پلانی پێنج ساڵەی عێراقدا گەیشتووەتە 84 تریلیۆن دینار، کە دەکاتە 35%ـی کۆی گشتی پڕۆژەکان.
عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، کار لەسەر ئەم سێ خاڵە سەرەکییە دەکەن:
تەواوکردنی پڕۆژە گەورەکان: لەمەودوا پڕۆژەی نوێ دەستپێناکەن، بەڵکو تەواوی تواناکان دەخرێنە گەڕ بۆ تەواوکردنی پڕۆژە کۆن و ستراتیژییەکانی وەک (بەندەری فاو) و (رێگاى گەشەپێدان).
بەرەنگاربوونەوەی بێکاری لە 2026: ئامانجی سەرەکی پلانەکانی ئەمساڵ (2026) کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری و بێکارییە، ئەمەش لە رێگەی هاندانی کارگە و کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ رەخساندنی هەلی کار.
کەمکردنەوەی دامەزراندنی حکومی: کار دەکرێت بۆ ئەوەی دەرچووانی زانکۆکان لە جیاتی چاوەڕوانیکردنی دامەزراندنی حکومی، لە کەرتی تایبەتدا دەست بەکار ببن و پڕۆژەی بچووکی خۆیان هەبێت.