عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران. وێنە:ئاژانسەکان.
هۆکارەکەی روونکراوەتەوە
هەژمارەکانی عەلی خامنەیی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی مێتا راگیران
964+
بەهرە محەمەدئەمین
هەموو هەژمارەکانی پەیوەست بە عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی لە پلاتفۆرمەکانی کۆمپانیای مێتا لەناویاندا (فەیسبووک و ئینستاگرام) راگیراون، ئەمە لەکاتێکدایە ئەکاونتی عەلی خامنەیی لە ئینستاگرام زیاتر لە پێنج ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەبوو.
میدل ئیست ئای بە پشتبەستن بە وتەبێژی مێتا، هۆکاری داخستنی هەژمارەکانی خامنەیی بە پێشێلکردنی رێساکانی پەیوەست بە بڵاوکردنەوە و بانگەشەی “رێکخراو و کەسانی مەترسیدار” وەسفکرد.
لە سیاسەتەکانی کۆمپانیای مێتادا، “ستایشکردن، پشتگیریکردن یان نوێنەرایەتیکردنی کەسان و رێکخراوە مەترسیدارەکان” و “هاندانی توندوتیژی” لەو بابەتانەن کە بە پێشێلکردنی سیاسەتی کۆمپانیاکە دادەنرێت و بەکارهێنەران لێیان قەدەغە دەکرێن.
تا ئێستا مێتا بەیاننامەیەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری داخستنی هەژمارەکانی خامنەیی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بەشێک لە شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی پێیان وایە ئەو پۆستانەی لە پەیجەکانیدا بۆ پشتیوانی لە حەماس و حوسییەکان دەکرێت هۆکاری داخستنی هەژمارەکانی خامنەیی بن.
داواکاری بۆ داخستنی هەمیشەیی هەژمارەکانی خامنەیی لە ئینستاگرام و تۆڕی X (تویتەری پێشوو) لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار وروژێنراوە.
ئیلۆن ماسک وەک خاوەنی تۆری ئێکس لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە هۆکاری بلۆک نەکردنی ئەکاونتی کەسانی وەک خامنەیی وتی: ئێمە یاسایەکمان هەیە هاوشێوەی پارێزبەندی لە نەتەوە یەکگرتووەکان . “لە کاتێکدا ئایەتوڵاکان دەیانەوێت ئیسرائیل لەناوببەن، بەڵام رێگەیان پێدراوە بچنە ناو بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک”.
لە 10ی کانوونی دووەمی ساڵی 2022، تویتەر، بەر لەوەی ماسک ببێتە خاوەنی، هەژمارێکی عەلی خامنەیی لەم تحڕە کۆمەڵایەتیە لابرد.
ئەو ئەکاونتە داخراوەی خامنەیی دوای ئەوە هات ئەنیمەیشنێکی سەبارەت بە کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی سوپای پاسداران تێیدا بڵاوکرابویەوە.