کێڵگەی میران

کارکردن لە سێیەمین کێڵگەی غازی پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد

ئەحمەد مستەفا

قۆناغی کارکردن و پەرەپێدانی سێیەمین کێڵگەی غازی سروشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە فەرمی دەستی پێکرد، کە ئەویش کێڵگەی ستراتیژیی “میران”ە، ئەمەش پاش هەردوو کێڵگەی چالاکی کۆرمۆر و چەمچەماڵ.

کۆمپانیای (HKN) لە رێگەی چەند کۆمپانیایەکی لاوەکی و بەڵێندەرەوە، پرۆسەکەی لەسەر چوار بیری غازی کێڵگەکە دەستپێکردووە، کە لە رابردوودا هەڵکەندراون و نۆژەن دەکرێنەوە، هاوکات پلانی تۆکمە و ئەندازیاریی دارێژراوە بۆ هەڵکەندنی چەندین بیری نوێی بەرهەمهێنان لە ئایندەیەکی نزیکدا.

رێبوار محەمەد، پسپۆڕی گرێبەستی نەوت و غاز بە 964ی وت، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو گرێبەستێکی فەرمی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (HKN) بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا واژۆ کرا، لە ئێستادا کۆمپانیاکە دەستی بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی پەرەپێدانی کێڵگەی غازی میران کردووە.

وەک یەکەم هەنگاوی کرداریی پرۆژەکە، تیمەکانی کارکردن لە بیری گوندی “گەورەدێ”ـی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر جێگیرکراون و ئامادەکارییە سەرەتاییەکان بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەو وێستگەیەدا چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کێڵگەی میران بە یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی غازی سروشتی لە پارێزگای سلێمانی هەژمار دەکرێت، ڕووبەری کێڵگەکە پێگەیەکی جوگرافیی بەرفراوان دەگرێتەوە، کە خۆی لە سنووری ناحیەکانی (پیرەمەگرون، تاسلوجە، بازیان و ئاغجەلەر) دەبینێتەوە.

بە کەوتنەگەڕی ئەم پرۆژەیەش، کێڵگەی میران دەبێتە سێیەمین کێڵگەی بەرهەمهێنی غاز لە پارێزگاکەدا، کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا.