یەکەکان لە قولەرەیسین
بڕیار درا بە دابەشکردنی 240 یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەمئەنداماندا
964+
ژووری هەواڵ
لە سلێمانی بڕیاردرا بە دابەشکردنی 240 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، یەکە نیشتەجێبوونەکان دەکەونە سەر شەقامی سەرەکی قولەرەیسی تا ئێستا دوو تاوەریان تەواو کراون.
سامان حوسێن، سەرۆکی یەکێتی کەمئەدامانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە تاوەکو رێکەوتی 22.2.2024، رۆژانە لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانیەوە تاوەکو 4:00ـی پاش نیوەڕۆ دەمێنینەوە بۆ دابەشکردنی فۆڕمەکان بەسەر کەسانی خاوەن پێداویستی تیبەت.
لەپاش وەرگرتنی فۆڕمەکە، هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەتوانن لە ماوەی یەک هەفتەدا مەرجەکان بەوردی بخوێننەوە و دواتر بیگەڕێننەوە بۆ یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان.
“ئەم فۆڕمانە هەموویان پێداچوونەوەیان پێدادەکرێت، ئەو کەسانەی کە هەموو مەرجەکانیان تێدایە هەڵدەبژێردرێن و دەکرێنە قورحەوە و بە ئاشکرا هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت”، سامان حوسێن وای وت.
خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەم مەرجانە دەتوانن فۆڕمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پڕبکەنەوە:
1 – دەبێت پێشتر سوودمەند نەبووبن لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون
2- خاوەنی شوقە، خانوو یان زەوی نەبێت
3 – تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبیت
4 – ئەو خێزانانەی سوودمەند دەبن دەبێت زیاتر لە دوو خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەبێت
5 – دەبێت مووچەی کەمئەندامی یان خانەنشینی هەبێت یاخود کەفیلێکی مووچەخۆر بهێنێت