وەزارەتی کارەبا گرێبەستێكی 100 ملیار دیناری واژۆ كرد
پڕۆژە لە شەمامک و هەشتی حەسارۆک و تیمار
وەزارەتی کارەبا گرێبەستێكی 100 ملیار دیناری واژۆ كرد
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی کارەبای هەرێم بڵاویکردەوە، گرێبەستێكی 100 ملیار دیناری بۆ جێبەجێكردنی سێ پرۆژە واژۆ كرد، کە پەیوەندیان بە وێستگەی (132KV) ەوە هەیە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەت، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای هێرۆ بۆ جێبەجێكردنی سێ پرۆژەی وێستگەی (132KV) لە شەمامك و هەشتی حەسارۆك و تیمار بە گوژمەی 100 ملیار دینار واژۆ كرد.
هەرسێ پرۆژەکە لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ دەکرێن و وەزیری كارەباش ئامادەیی وەزارەتی بۆ هەموو پاڵپشتی و كارئاسانییەكی پیشاندا و باسی گرنگی ئەم سێ وێستگەیە بۆ كەمكردنەوەی گرفتی بارزۆری كارەبای سەر ژمارەیەك لەگەڕەكەكانی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری کرد.
داواشی لەكۆمپانیاکە كرد پرۆژەکە لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكات و بە پابەندی دیزاین و كوالێتی بەرزی پرۆژەكە بێت.
لایخۆشییەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێرۆ بەڵێنیدا لە کاتی خۆیدا هەرسێ پرۆژەکە بە کوالێتی بەرز جێبەجێ بکرێن، چونکە پەیوەندی بە خزمەتگوزاری بۆ خەڵک و کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵەوە هەیە.