کۆمپانیایەکی ئیماڕاتی کە لە زاخۆ کشتوکاڵ دەکات - وێنە: 964
بەنیازی چین؟
وەبەرهێنانی زاخۆ هەگبەکەی بۆ ئەمساڵ پڕە
پێشەوا محەمەد
وەبەرهێنانی زاخۆ خۆی پڕچەک کردووە و بەنیازە لەمساڵدا مۆڵەت بە 12 پڕۆژەی نیشتەجێبوون بدات بە سەرمایەی 65 ملیۆن دۆلار.
جگە لەو پڕۆژانە، بەڕێوەبەرایەتییەکە خۆی 28 پڕۆژەی ئامادە کردووە، کە هەر وەبەرهێنەرێک داوای بکات بۆ جێبەجێکردن دەیانداتێ.
جگەرخوێن تاهیر، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی زاخۆ بە 964ـی وت، “پڕۆژەکان هەمەجۆردن، بەڵام زۆرینەیان گەشتیارین و لە قۆناغەکانی کۆتایی مۆڵەتدان و لەمساڵدا دەکەونە بوواری جێبەجێکردنەوە”.
وتیشی، “بە وردی لە کوالێتیی پڕۆژەکان دەڕوانین و ستانداردە جیهانییەکانیان تێدا جێبەجێ دەکەین، هاوکات گرنگی زۆر بە زیادکردنی سەوزایی دەدەین لە زاخۆ”.
یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی زاخۆ ناوچەی پیشەسازییەکە، کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بەردی بناغەی داندرا، جگەرخوێن تاهیر وتی، “ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و لە رووی ئابووری و پیشەسازییەوە زاخۆ زۆر دەباتە پێشەوە”.
بڕیارە لەسەر پڕۆژەکە 108 کارگەی جۆراوجۆری پیشەسازی، 160 کۆگای ساردکەرەوە، 60 عەلوەی سەوزە و میوە لەسەر 60 دۆنم زەوی، هەروەها 24 پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، 60 شوێن بۆ شوێنکاری چاککردنەوە و خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر جێبەجێبکرێت.