دیمەنی کۆمەڵێک سەگی بێلانە _ وێنە: 964
"داواکاری زۆرە"
“شارەوانی رەتیکردووەتەوە سەگە بێلانەکانی عەربەت وەربگرێ”
964+
ئەحمەد مستەفا
“شارەوانی سلێمانی رەتیکردەوە سەگە بێلانەکانی عەربەت بۆ شێلتەر بگوازینەوە”، ئەمە وەڵامی بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەتە بۆ داواکاری ژمارەیەک دانیشتووی ناحیەکە.
شێلتەرەکەی شارەوانی سلێمانی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە ناحیەی عەربەتەوە دوورە، خەڵک لە چەند رۆژی رابردوو لە زۆربوونی سەگی بێلانە هانایان بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکە برد تا دەست بە کۆکردنەوەی بکات.
بەگوێرەی ئەو وەڵامەی 964 بینیویەتی، بەڕێوبەری ناحیەی عەربەت دابان محەمەد، بە دانیشتووانی ناوچەکەی وتووە، ئەو شێڵتەرەی باسدەکرێت بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دەکەوێتە سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و ئەوان خاوەنداریەتی دەکەن.
شارەوانی سلێمانی رێگا نادات ئاژەڵدۆستان بچنە ناو شێڵتەری سەگەکانەوە
“بە نوسراوی فەرمی و پشتگیری قایمقامیەتی سلێمانی و پارێزگا لە مانگی 8.2023 داوامان لێکردوون هاوکارمان بن جێگەی سەگی بێلانەی سنووری عەربەت بکەنەوە، خۆمان تێچوو و کارەکانی گواستنەوەیان لە ئەستۆ دەگرین، بەڵام ئەوان رازی نەبوون” دابان محەمەد وای وت.
سەرچاوەیەک بە مەرجی ناو نەهێنان لە شارەوانی سلێمانییەوە بۆ 964 قسەی کرد و وتی، بەهۆکاری ئەوەی ژمارە سەگە بێلانەکان زۆرن و خەرجی، خزمەتگوزاری و ئەمنیەتی دەوێت، شارەوانی ناتوانێ لەمە زیاتر سەگی بێلانە لە شێڵتەرەکەیدا وەربگرێ، ئێستا بیر لە میکانیزمێکی دیکە دەکرێتەوە، ئەو داواکارییە لە زۆربەی ناحیە و قەزاکانی سلێمانی بوونی هەیە.