به هه‌ڕه‌مه‌كى زبڵ و پاشماوه فڕێده‌ده‌ن
شاره‌وانى پردێ گله‌یی له خوێندكارانى زانكۆى كتاب ده‌كات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شاره‌وانى پردێ ده‌ڵێت، ژماره‌یه‌ك خوێندكارى زانكۆی كیتاب له ناحیه‌كه‌یان به‌شێوه‌ى هه‌ڕه‌مه‌كى زبڵ و پاشماوه‌كانیان فڕێده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ش ئه‌ركى پاككه‌ره‌وه‌كانى قوڕستر كردووه.
له گه‌ڕه‌كى قه‌ره‌به‌گی ناحیه‌ى پردێ، نزیكه‌ى 20 خانوو به‌كرێ دراوه‌ته خوێندكاره‌كانى ئه‌م زانكۆیه، به قسه‌ى شاره‌وانى ئه‌و خوێندكارانه خه‌ڵكى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقن بۆ خوێندن هاتوونه‌ته پردێ.
ئه‌ندازیار محه‌مه‌د نه‌جیب، سه‌رۆكى شاره‌وانى پردێ، به964ـى وت، ئه‌و خوێندكارانه‌ى له‌و گه‌ڕه‌كه ده‌ژین ئه‌ركى شاره‌وانیان زۆر قوڕس كردووه و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش پابه‌ندی پاكوخاوێنی گه‌ڕه‌كه‌كه نابن.
وتیشی “رۆژانه به‌شێوه‌ى هه‌ڕه‌مه‌كى زبڵ و پاشماوه‌كانیان له‌ناو كۆڵانه‌كان و بن دیوارى ماڵه‌كان فڕێده‌ده‌ن”.
به‌قسه‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌فتانه دووجار زبڵ و پاشماوه له‌و گه‌ڕه‌كه كۆده‌كه‌نه‌وه كه ته‌نیا پاشماوه‌ى ئه‌و خوێندكارانه نزیكه‌ى دوو تۆن ده‌بێت كه به فڕێدراوى به‌جێیان هێڵاوه.
ده‌شڵێت “باشتره ئیداره‌ى ئه‌م زانكۆیه شوێنێكى دیكه بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ى دابین بكات و له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كان بچنه ده‌ره‌وه”.
964، چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به به‌شی ئیداره و كارگێڕى زانكۆى كیتاب كرد، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌ده‌دایه‌وه.