"سەرما لێیدا دەفەوتێ"
لە ناحیەی سەنگاو جۆرە گەنمێک گوڵی کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە دەشتاییەکانی ناحیەی سەنگاو، بنەتۆوی جۆرە گەنمێک کە لە دەرەوە هاوردەکراوە هەر لە ئێستاوە گوڵی کردووە، جوتیارێک داوا لە پسپۆران دەکات بەدواداچوونی بۆ بکەن.
لە هەرێمی کوردستان، گەنم لەسەرەتای بارانبارین کە پێی دەوترێ (پەڵە) لە مانگی (11/ تشرینی دووەم) زەوی دەکێڵدرێت و تۆو دەکرێ، پاشان لەمانگی دوو بۆ مانگی سێ گەشەدەکات و گوڵ و شیلەی گەنم دروستدەکات، لە ناوەڕاستی مانگی پێنجیشەوە دروێنەی گەنم دەستپێدەکات.
بەم زستانە لە کۆیە گەنم دروێنە دەکرێت
بەڵام جوتیارێکی نموونەیی، جۆرێک گەنمی ناوچەی سەنگاوی بینیوە کە لە دەشتاییەکانی ناوچەکە چێندراوە، ئەم جۆرە گەنمە هەر لە ئێستاوە گوڵی کردووە، جەمال کربچنە جوتیارەکەیە ئەو بە 964ی وت، گەنمەکە لە زەوی پشت ئاو واتە (دێمی) چێندراوە.
دوو مانگ وەرزی زستان ماوە، ئەو دەڵێ، ئەگەر شەپۆلی سەرمای زستان روو لە ناوچەکە بکات “بەستەڵەک” رووبدات، گەنمەکە سەرما دەیفەوتێنێ، وتیشی، “داوا لە پسپۆران و خەمخۆرانی کەرتی کشتوکاڵ دەکەم، بە دواداچوون بکەن بۆ ئەو بنەتۆوانەی کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، تا جوتیارانمان تووشی زیان نەبن و کار لەسەر زیادکردنی بنەتۆوی ناوخۆ بکەن”.