زەوییەکەی کێڵاوە

جوتیارێک کەوتە ژێر تراکتۆرەکەیەوە و مرد


ئەحمەد مستەفا

لە کاتی کێڵانی زەوییەکەی، تراکتۆری جوتیارێک لە ناحیەی سێگردکان وەرگەڕا و شۆفێرەکەشیی کەوتە ژێر تراکتۆرەکە و بەهۆیەوە گیانیی لەدەست دا.

جوتیارەکە نزیکەی “یەک کاتژمێر لە ژێر” تراکتۆرەکەدا ماوەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 20.1.2024، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی تەقتەق بە 964ی وت، جوتیارەکە خەڵکی گوندی قەمبەرە و ناوی قاسم حەمەد بووە، تەمەن 43 ساڵە و لە کاتی کێڵانی زەوی کشتوکاڵیدا تراکتۆرەکەی وەرگەڕاوە.

بە قسەی سەرچاوەکەی نەخۆشخانەی تەقتەق بێت، لەگەڵ ئەوەی کەوتووەتە ژێر تراکتۆرەکە، نزیکەی یەک کاتژمیر جوتیارەکە لە ژێر تراکتۆرەکەدا ماوەتەوە و گیانی لەدەستداوە.

کەسوکارەکەی و خەڵکی رێبوار ویستوویانە هەر زوو بیگەیەنن بە نەخۆشخانەی گشتیی تەقتەق، “بەڵام کۆتایی بە ژیانی هاتبوو کاتێک هاتنە نەخۆشخانە و ئێستا بە مەبەستی توێکاری رەوانەی پزیشکی دادی کۆیە کرا”، ئەوەش بە وتەی سەرچاوەکە.