یەکێکیان دۆزراوەتەوە و بەدوای ئەوەی دیکە وێڵە

ئەو باوکەی لە خەمی منداڵەکانی پشتی چەماوە

ئاکام غەفوور – سۆران

ئەو باوکەی دوو منداڵی لە گەلی عەلی بەگ بێ سۆراغ بوون، دوێنێ تەرمی یەکێکیان دۆزرایەوە، ئەمڕۆ هاوشانی تیمەکانی بەرگری شارستانی چووەتەوە سەر رووبارەکە و لە نزیک ئەو شوێنەی دوێنێ، ژێر دار و پەردووی قەراغی رووبارەکە دەگەڕێت، بەئومێدی ئەوەی منداڵەکەی دیکەشی بدۆزرێتەوە.

ئێوارەی رۆژی هەینی 1.5.2026 ژن و پیاوێک و سێ منداڵ کە خزمی یەکتربوون، لەکاتی گەڕانەوە لە سەیران و لەسەر رێگای کانی ماران بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کەوتنەناو ئاوی گەلی عەلی بەگ،  ژن  و پیاوەکە رزگاریان بوو و سێ منداڵەکە و ئۆتۆمبێلەکەیان ئاو بردنی و بێسەروشوێن بوون، دوێنێ ئێوارە تەرمی منداڵێکیان بەناوی لاوەند خورشید کە تەمەنی حەوت ساڵ بوو دۆزرایەوە و هێشتا دوو منداڵی دیکەیان بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری