کەشتییەکى نەوتهەڵگر وێنە: ئاژانسەکان
حوسییەکان لێناگەڕێن
9 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق و سعودیە لە دەریادا گیریان خواردووە
964+
وریا فەتاح
نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق و سعودیە پێویستی بە دوو هەفتەی دیکە دەبێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەوروپا، ئەمەش دوای گۆڕینی رێڕەوی ئەو کەشتیانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا دەچن، هەروەها هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە دەریای سوور بەهۆی ئەو مەترسیانەی ماوەیەکە رووى لە ناوچە دەریاییەکە کردووە.
بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى بلومبێرگ، کەشتییەکان کە نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە سعودیە و عێراقەوە هەڵگرتبوو، دوادەکەون، چونکە لە چەند رۆژی رابردوودا لە رێڕەوی دەریای سوور و کەناڵی سوێس دوورکەوتنەوە، ئێستاش بەرەو رێگای درێژتر بەناو ئەفریقادا دەڕۆن.
کەشتییەکان نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانیان لە بەندەرەکانی راس تانورە و جوبەیلی سعودیە و لە بەندەری بەسرەی عێراق هەڵگرتبوو و لە سەرەتادا لە رێگەی دەریای سوور و کەناڵی سوێسەوە بەرەو ئەوروپا دەڕۆیشتن، بەڵام داتاکانی بلومبێرگ دەریانخستووە ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە لە 12ی ئەم مانگەوە رێڕەوی خۆیان لە گەرووی باب ئەلمەندەب دوورخستەوە.
هەفتەى رابردوو، گرووپەکانی پیشەسازی کەشتیوانی نەوتهەڵگر لە جیهاندا، ئامۆژگاری ئەندامەکانیان کرد کە بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە لە باب ئەلمەندەب دوور بکەونەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکە لەلایەن حوسییەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن چڕتر دەبنەوە.
بەکارهێنانى رێگەى ئەفریقا، ماوەی گەشتەکانی نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا نزیکەی دوو هەفتە زیاتر دەکات بە بەراورد بە رێگای کەناڵی سوێس.
کێشەکانى دەریاى سوور و هێرشى حوسییەکان بۆسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، کێشەى گەورەى بۆ نەوت دروستکردووە و کاریگەرى راستەوخۆى لەسەر نرخەکەى دروستکردووە.