بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک وادەڵێت

ژمارەی گیان لەدەستدانی رووداوی هاتوچۆکەی کەرکوک بۆ 7 کەس بەرز بوویەوە

964+

کاروان ساڵحی- کەرکوک

ژمارەی قوربانییانی رووداوە هاتوچۆ سەختەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی سەر rێگای نێوان کەرکوک – پردێ بەرزبووەوە و بریندارێکی دیکەی rووداوەکە گیانی لەدەستدا.

سامان یابە، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک، بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی رووداوەکەی سەر رێگای کەرکوک – پردێ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی کەرکوک ئاماژەی بەوەش کرد، بە گیانلەدەستدانی ئەم بریندارە، ئێستا کۆی گشتیی قوربانییانی رووداوەکە گەیشتووەتە حەوت گیانلەدەستدان و دوو برینداری دیکەش هێشتا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە نزیک گوندی (گوزە) لەسەر ڕێگای کەرکوک – پردێ، بەهۆی پێچەوانە ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب (ڕۆنگ ساید)، پێکدادان لە نێوان سێ ئۆتۆمبێلدا (پیکاب، تۆیۆتا یارس و کادیلاک) روویدا و ئەم کارەساتەی لێکەوتەوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح