بینای پەروەردەی شارباژێڕ - وێنە: پەیجی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە فەیسبووک
99 قوتابخانەی هەیە
پەروەردەی شارباژێر: هەفتەی داهاتوو دەست بە دەوام دەکەینەوە
پێشەوا محەمەد
پەروەردەی شارباژێڕ دەڵێت هەموو هەوڵەکانیان چرکردووەتەوە تا هەفتەی داهاتوو لە سەرجەم قوتابخانەکان دەستبەخوێندن بکەنەوە.
بە پێی زانیارییەکانی 964، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری مامۆستای گوندەکان وانەبێژن، هێشتا لە تاق و تەرای قوتابخانەکانی ئەو سنوورە دەست بە خوێندن کراوەتەوە.
لەتیف حسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ بە 964ـی راگەیاند، کاریان کردووە و هەوڵی تەواویان داوە هەفتەی داهاتوو دەرگای زۆرینەی قوتابخانەکان بکرێتەوە.
وتیشی، “ئەو بایکۆت و بارودۆخە بۆ هەموو پەروەردەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بوو و هیوادارین حکومەتی هەرێمیش داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکات”.
لە سنووری پەروەردەی شارباژێڕ 99 قوتابخانە بوونیان هەیە، خاوەنی شەش هەزار قوتابی و هەزار و 300 مامۆستان بە وانەبێژ و هەمیشەییەکانەوە.
“کردنەوەی قوتابخانەکان و دەستکردنەوە بە خوێندن بڕیاری وەزارەتی پەروەردەیە و پەروەردەی سلێمانیش بۆ هەموو پەروەردەکانی گشتاندووە”، ئەوەش قسەی لەتیف حسێنە.