پاسپۆرت دەستبەکاردەکاتەوە
لە هەڵەبجە منداڵێک یەکەم پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی پێدرا
محەمەد عومەر _ هەڵەبجە
کارۆ کامەرانی تەمەن 12 ساڵ یەکەم کەس بوو، لە بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی پێدرا و بە پەیامنێری 964ی وت، بەتەمایە سەفەری ئێران بکات.
ئەمرۆ سێشەممە 16.1.2024، رێورەسمێک لە بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە بۆ بەفەڕمی کردنەوەی بەشی ئەلیکترۆنی پاسپۆرت بەڕێوەچوو، لە پاش ماوەیەک کە تەنیا بەشی پێدانەوە لە ئەرکدا بوون.
عەقید فاروق مەعروف، بەرێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە بە 964ی وت، ساڵانە زیاتر لە 25 هەزار هاوڵاتی سەردانی بەرێوەبەرایتیەکەمان دەکەن بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت، بە کردنەوەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی هاولاتیان لە هەمان رۆژی مامەڵەی پاسپۆرتەکەکانیان بۆ تەواو دەکرێت و کارئاسانی زۆر دەکات لە فرۆکەخانەکان لەکاتی چەیک کردن و گەشتەکانیان.
بەپێی سیستمی نوێی پاسپۆرت تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرتە نوێیەکە 91 هەزار دینارە، بە وتەی بەرێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە بێت، تەزویرکردنی ئەم پاسپۆرتە نوێییە مەحاڵە و کوالیتی پاسپۆرتەکەش رێخۆشکەرە بۆ باشترکردنی ریزبەندی پاسپۆرتی عێراق لەسەر ئاستی وڵاتاندا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا