گەیشتوونەتە چارەسەر
نانەواخانەکانی هەولێر بایکۆتیان شکاند
964+
فەهمی نەبی
چەند رۆژێکە نانەواخانەکانی هەولێر کێشەیان لەگەڵ بڕیارێکی حکومەت هەیە و دەڵێن، ئەگەر 10 نان بە هەزار دینار بدەین زەرەر دەکەین، دوای گردبوونەوەکەی ئەمڕۆی بەردەم پارێزگا، نوێنەری نانەواخانەکان بە 964ی راگەیاند، لەبەیانیەوە ئەو 610 نانەواخانەیەی ئەمڕۆ بایکۆتیان کردبوو دەستدەکەنەوە بەکار.
وەستا هەژار نوێنەری نانەواخانە ناڕازییەکانی هەولێرە بە 964ی وت، “لەبەیانییەوە دەستدەکەینەوە بەکار و قایمقامی هەولێر بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی پێداوین، ئەمڕۆش لەگەڵ وتەبێژی حکومەت کۆبونەوەمان هەیە”.
نوێنەری نانەواخانەکان دەڵێت، پێشتر چوار نانمان بە کێشی 150 گرام دەدا، بەڵام حکومەت دەڵێت، دەبێت 10 نان بە کێشی 90 گرام بە هەزار دینار بدەن، ئەمەش بەتەواوی هەموو نانەواخانەیەک زەرەر دەکات.
964 پەیوەندی بە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر کرد ئەو وتی، “رێککەوتووین ئەوان بڕیارەکەی حکومەت جێبەجێ بکەن و ئێمەش غاز و ئاردیان بە هەرزان بۆ دابین بکەین، بەجۆرێک هەر فەردەیەک ئارد بە 29 هەزار دینار بە نانەواخانەکان دەدرێت”.
بەپێی سۆراغی 964 سێ جۆر ئارد هەن نانەواخانەکان بەکاری دەهێنن، ئاردی ناوخۆ لەبازاڕ بە 31 هەزار و 500 دینار بۆ 32 هەزارە، ئاردی تورکی هەر فەردەیەکی لەنێوان 35 بۆ 40 هەزار دینارە، ئاردی روسی هەر فەردەیەکی لەنێوان 28 بۆ 33 هەزار دینارە.
به پێی زانیارییهكانی 964 لە شاری هەولێردا زیاتر لە هەزار و 200 نانەواخانە و سهموونخانه هەن.