عێراق داوای پارەی 17 ساڵی بایەعی لە هەرێم دەکات
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
حکومەتی عێراق لە دادگای فیدراڵی رێکاری یاسایی لە دژی حکومەتی هەرێم گرتووەتەبەر و داوای پارەی 17 ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی هاوڵاتیانی هەرێم دەکات کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە 964+ی راگەیاند، کۆمپانیای بازرگانی خۆراکی عێراق سکاڵای لەسەر کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە، داوای ئەو پارەیە دەکات کە 17 ساڵە لەلایەن بریکارەکانی بەشەخۆراکی هەرێمەوە لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت.
“ئەو پارەی کە لەبەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە لە هاوڵاتی وەردەگیرێ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی، لە 2004 تاوەکو 2021 هەرێم ئەو پارەی نەگەڕاندووەتەوە”، سۆران عومەر وای وت.
بڕیارە دووشەممەی داهاتوو، 9ی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵاکەی کۆمپانیای بازرگانی خۆراکی عێراق کۆببێەوە بۆ بڕیاردان.
بە وتەی سۆران عومە “ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق رێکاری یاسایی بەرامبەر هەرێم لە هەموو بوارەکاندا دەگرێتەبەر و داوای داهاتە ئیتحادیەکان دەکات”.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، وەزارەتی بازرگانی عێراق بەرێژەی سەتا 50 پارەی بەشەخۆراکی لەسەر هاوڵاتیان زیادکرد و رایگەیاند، پارەکە بۆ خەرجی گواستنەوەی خۆراکە.