لە دوکان

گۆشتی بەستوو بازاڕی گۆشتی خۆماڵی لاواز کردووە

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

لە بازاڕەکانی قەزای دوکان جۆرێک گۆشتی بەستوو دەفرۆشرێت کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەدەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازی بازاڕی فرۆشیارانی گۆشتی خۆماڵی.

بەختیار حەمید فرۆشیاری گۆشتی ئاژەڵی زیندووە بە 964ی وت، “گۆشتی بەستوو کە هاوردە دەکرێت بازاڕی ئێمەی بەتەواوی لاوازکردوە، بەڵام نرخی گۆشتی ئاژەڵی زیندوی نەهێناوەتە خوارەوە”.

ئەو گۆشتفرۆشە ئەوەش دەڵێت، “پێش هاتنی ئەم گۆشتە بەستووە رۆژانە ئاژەڵمان سەردەبڕی، بەڵام ئێستا بەچەند رۆژ جارێک ئاژەڵێک سەردەبڕین”.

ئەحمەد زاهیر گۆشتفرۆشێکی دیکەیە بۆ 964 قسەیکرد وتی، “بەهۆی گرانی نرخی ئاژەڵی زیندوو ناتوانین گۆشت هەرزان بکەین، بەهۆی هەرزانی گۆشتە بەستووەکە زیاتر هاوڵاتیان روو لە کڕینی دەکەن ئەگەر بەم شێوەیە بێت ناچارین دوکانەکانمان دابخەین”.

ساماڵ حوسێن فرۆشیاری گۆشتی بەستووە بە 964ی وت، “ئەم گۆشتە بەستووە بەشێوەیەکی یاسایی هاوردە دەکرێت و لەلایەن ڤێرتەرنەری و لیژنەکانەوە پشکنینی بۆ دەکرێت و زۆر تەندروستە، هاوکات حەڵاڵە و نرخی کەمترە لەچاو ئەو گۆشتەی لەلایەن قەسابەکانەوە دەفرۆشرێت ئەوەش وای کردووە هاوڵاتیان روو لە کڕینی بکەن چونکە نرخی یەک کیلۆی بە 10 هەزار دینارە”.

لە بازاڕەکانی قەزای دوکان گۆشتی ئاژەڵی خۆماڵی بە ئێسکەوە نرخەکەی  لەنێوان 15 بۆ 18 هەزارە و گۆشتی بێ ئێسک نرخەکەی لەنێوان 19 بۆ 22 هەزار دینارە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

لە سلێمانی زیاتر لە 17 هەزار تۆن گۆشت خوراوە

لە سلێمانی زیاتر لە 17 هەزار تۆن گۆشت خوراوە