داواکاریان چییە؟
لە ئێوارەی ئەمڕۆوە هاوڵاتیان رێگای خدران بۆ قەزای دوکانیان داخستووە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
هاوڵاتیانی ناحیەی خدران و گوندەکانی دەوروبەری بەهۆی کەمی کاتەکانی کارەبای نیشتیمانی و خراپی رێگاکەیان و بەمەبەستی پاڵپشتی بۆ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ناحیەی خەلەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە عەسری ئەمڕۆوە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە رێگاکەیان داخستووە و رێگا نادەن هیچ ئۆتۆمبێڵێک لە ناحیەکەوە بچێتە دوکان.
یوسف ئەحمەد هاوڵاتییەکی دانیشتوی ناحیەی خدرانە بە 964ی وت، “داواکاری ئێمە زیادکردنی کاتەکانی کارەبای نیشتیمانییە چونکە تەنیا 5 کاتژمێر کارەبامان هەیە و تا جێبەجێ کردنی داواکاریەکانمان بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندانەکان”.
هونەر عوسمان هاوڵاتییەکی دیکەی ناحیەکەیە بە 964ی وت، “بەهۆی کاتەکانی کەمی کارەبای نیشتیمانی کێشەی ئاوی خواردنەوەشمان بۆ دروست بووە، رێگای ناحیەکەمان بۆ قەزای دوکان بەشێکی زۆری تائێستا خۆڵەو قیرتاو نەکراوە ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی ئۆمبێلی هەوڵاتیانی ناحیەکە”.
ساڵح محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی خدران بە 964ی وت، “پشتگیری داوای هاوڵاتیان دەکەین بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیمان بەلایەنەکانی سەرووی خۆمان کردووە بەڵێنی ئەوەیان پێداوین پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بەناحیەکەمان زیادبکەن”.
وتیشی “رێگای گشتی ناحیەکەمان بۆ قەزای دوکان پێشتر نوسراومان کردووە بۆ قیرتاوکردنی رێگاکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە نەتواندراوە جێ بەجێ بکرێت”.