یەکەمجارە
33 تۆن خوری لە کوردستانەوە هەناردەی پاکستان کرا
964+
ئەحمەد مستەفا
لە کفرییەوە خوری ناوچەکانی سلێمانی، شارەزوور و گەرمیان کۆکرانەوە و ئامادەکران، بە سێ وەجبە 33 تۆنی بە پاکستان فرۆشرا.
کارگەی رستنی خوری لە کفری کارەکەی ئەنجامداوە، بە قسەی خاوەنەکەی بێت، ئەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییە یەکەمجارە ئەنجامدەدرێت، ئیتر خاوەن ئاژەڵەکان چەند خورییان هەبێت، ئەوان ئامادەن لێییان بکڕنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.12.2023، ئاکۆ غەریب، خاوەنی زمناکۆ گروپ و کارگەی رستنی خوری لە کفری بە 964ی وت، بە سێ وەجبە خورییەکە نێردراوە، ئەوەش لەسەر داواکاری ژمارەیەک بازرگانی پاکستانی بووە، کە پێشتر خورییەکە یەک کیلۆی بە 560 دینار لە خاوەن ئاژەڵەکان کڕدراون.
کارگەکە ئەو خورییە بەردەستەی هەیبووە، کاری شۆردن و پاکسازی بۆ ئەنجامداوە نزیکەی 16 تۆنی بەهۆی نەگونجاوییەوە فڕێدراون، ئەوەی ماوەتەوە، کارمەندەکانیان وشکیان کردووەتەوە و بە تاڵ کراوی، کەپسکراوە و بۆ پاکستانیان ناردووە، کە کۆی هەر رۆژێک توانیویانە پێنج تۆن ئامادە بکەن.