زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل فرۆشراوە
داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوو زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بووە
964+
توانا نەقی
کۆی داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی تشرینی دووەم واتە مانگی رابردوو زیاتر لە 8 ملیار و نیو دۆلار بووە ئەمە بە پێی قسەی وەزارەتی نەوت.
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، کۆی هەناردەکردن و داهاتی بەدەست هاتووی نەوت بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی “سۆمۆ” دەرچووە، 8 ملیار و 512 ملیۆن دۆلار بووە.
وەزارەتەکە دەڵێت، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو 102 ملیۆن و 975 هەزار و 782 بەرمیل بووە و لەگەڵ داهاتەکەشی 8.512 ملیار دۆلار بووە.
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی دووەم لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 101 ملیۆن و 764 هەزار و 620 بەرمیل بووە.
بڕی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتووەتە 172 هەزار و 383 بەرمیل، هاوکات هەناردەی گەیارە ملیۆنێک و 38 هەزار و 779 بەرمیل بووە.
دەشڵێت، تێکڕای بڕی هەناردەکراوی رۆژانە گەیشتووەتە (3) ملیۆن و 433 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکردووە تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک کە فرۆشراوە گەیشتووەتە 82 دۆلار و 66 سەنت.