بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەردەوام دەبێت
کەشوهەوای ئەم دوو رۆژە
بارانبارین بەردەوام دەبێت؛ هەندێک جار لێزمەباران و هەورەبروسکەشی لەگەڵ دەبێت
شۆڕش قادری
ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەردەوام دەبێت و لە هەندێک شوێن بەخوڕ دەبێت و هەورەبروسکەشی لەگەڵ دەبێت.
وەک کەشناسی کوردستان پێشبینی کردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.10.2026 ئاسمان پەڵەهەور و نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پاشنیوەڕۆ بارانبارین لە ناوچەکانی باکووری هەرێم و پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، دواتر دەگاتە ناوچەکانی ئیدارەی سۆران و راپەڕین و بەشێکی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەروەها لە سنووری پارێزگای هەولێر و دەورووبەری ئەگەر هەیە نمەباران ببارێت.
بۆ سبەى هەینیش، بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەردەوام دەبێت، سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆوە دەستپێدەکاتەوە و پاشان کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارەی سۆران و راپەڕین و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەندێک کات تاوە باران دەبێت و هەورە بروسکەشی لەگەڵ دەبێت بە تایبەت لە ناوچەکانی باکووری هەرێم.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ؛
هەولێر: 25 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 26 پلەی سیلیزی
سۆران: 20 پلەی سیلیزی
پیرمام: 21 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 25 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 29 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 15 پلەی سیلیزی