"ئامارەکان هەڵکشاون"

دەزگای ئاسایش: زۆرینەی زیانمەندی دەست نوشتەچییەکان ژنانن

964+
ئەحمەد مستەفا

داتاکانی دەزگای ئاسایش ئەوە دەردەخەن، “دیاردەی سحر و نوشتەکردن بەراورد بە پارساڵ زیادی کردووە”، کە مۆڵگەی سەرەکییان ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، هۆبەیەکیش کار لەسەر بنەبڕکردنیان دەکات.

زانیارییە بە دەستهاتووەکانی 964 کە لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستیکەوتوون دەرخەری ئەوەیە، زۆرینەی ئەوانەی پەنا بۆ ئەو کارەکە دەبەن و دەبنە زیانمەندی دەست “فێڵ و فریودانی” نوشتەکار و جادوگەرەکان ژنانن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29.11.2023، لە وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری 964 دا، بەشی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، لەو دۆخەدا، ئەو کەسانە دەکرێنە ئامانج کە ئەزموونیان نییە لەرووی بەکارهێنانی ئینەرنێت و تەکنەلۆژیا، هەر بەو هۆکارەش فریودەدرێن و هەڵدەخەڵەتێنرێن.

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی 19 جادوگەری راگەیاند

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی 19 جادوگەری راگەیاند

ئاسایش داتای بەردەستی حساب دەکات و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ رایبگەیەنێت، بەڵام ئەوەیان بۆ 964 ئاشکراکرد، رێژەی تۆمارکراو بەراورد بە پارساڵ هەڵکشاوە، هەروەک بەوتەی ئەوان، “تێبینی ئەوەیانکردووە بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی دەچنە لای نوشتەکەران لە رەگەزی مێن، بەو حسابە دەچن کە ئەم کەسانە هەموو ئاوات و داخوازییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن”.

دەزگای ئاسایش لە رێگەی هۆبەیەکەوە رێکاری یاسایی لەبەرانبەر ئەو کەسانەی کە کاری نوشتە و فریودانی خەڵک دەکەن گرتووەتەبەر تایبەت ئەوانەی لەرێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی بانگەشە دەکەن، هەروەک بەپێی ماددە 456 لە یاسای سزادانیی عێراقی دەستگیردەکرێن و رێکاری یاساییان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت.