پێنج پۆندى ئاو بۆ زاخۆ لەسەر خابوور دروستدەکرێن

+964

شڤان عەبدولڵا – زاخۆ

بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە ئاوی خابوور، پێنج پۆندى ئاو بۆ زاخۆ، له‌سه‌ر رووبارى خابوور ده‌ست به‌كارى دروستكردنیان كراوه‌، سێ له‌و پۆندانه‌ تەواوكراون و دووانه‌كه‌ی تریش لە قۆناغەکانی کۆتایین.

شڤان عەبدی بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ به‌ 964+ راگه‌یاند، لەگەڵ سەربەخۆبوونی ئیدارەی زاخۆ، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری جیاجیا بڕیاری جێبه‌جێكردنیان دراوه‌، له‌وانه‌ش دروستکردنی پێنج پۆندى ئاو لەسەر رووبارى خابوور، كه‌ سێ لەوانه‌ تەواوكراون و کارکردنیش لەسەر دووانه‌كه‌ی دیکەش بەردەوامە.

وتیشی “هەر یەکێک لەو پۆندانە سێ مەتر به‌رز و ٥٣ مەتریش پانن، بودجه‌ى ته‌ڕخانكراویش بۆ هه‌ر پێنجیان سێ ملیار دیناره‌”

به‌پێی قسه‌ى شڤان عەبدی، ئه‌و پۆندانه‌ لەسەر دیزاینێکی تایبەتی سەرنجڕاکێش، لەسەر رووبەری چوار کیلومەتر دروستکراون.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى +964، ئه‌و پۆندانه‌ لە بەهاری ساڵی داهاتوو تەواو دەكرێن، به‌ته‌واوبوونیشیان ئیداره‌ى زاخۆ چه‌ند پارکێكی گەشتیاریان له‌سه‌ر دروست ده‌كات.