دۆلار خەریکە دەنیشێتەوە
964+
هێمن بەکر – هەولێر
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی هاتەخوارەوە بۆ 151 هەزار و 500 دینار، ئەوە لەکاتێکدا، رۆژانی رابردوو گەیشتە 159 هەزار دینار.
ئەوە ترسی لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستکرد، کە ئەگەر ئەو بەرزبوونەوەیە بەردەوام بێت، ئەوا نرخی مادە خۆراکییەکان و کاڵاکانی دیکە گران دەبێت.
بەڵام شارەزایان هەر زوو دڵنەواییان دا کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە و دێتەوە شوێنی خۆی، چونکە هۆکارەکەی ئەوەیە بانکی ناوەندی عێراق دۆلاری کەمتر دەخاتە بازاڕەوە لەم ماوەیەدا.
بانکی ناوەندیی عێراق لە مانگی 12ی 2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکی لە 118 هەزار دینارەوە بۆ 146 هەزار دینار زیادبکات.
ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا بە رێژەی زیاتر لە سەدا 20 بەرزکردەوە.