دیمه‌نێكی پڕۆژه‌كه كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ناحیه‌ى بیاره بڵاویكردووه‌ته‌وه.
هاوینه‌هه‌وارە
ئاوێسه‌ر یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ى “گه‌شتوكاڵ”ى لێ جێبه‌جێ ده‌كرێت
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی بیارە ده‌ڵێت، كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی “گه‌شتوكاڵ”ى له سنوورى شارۆچكه‌ى ته‌وێڵه ده‌كرێت و ده‌بێته یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ى له‌م شێوه له سنووره‌كه‌یاندا.
رۆژى 18.6.2023 حكومه‌تى هه‌رێم له زارى جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران پڕۆژه‌ى به‌یه‌كه‌وه‌گرێدانى هه‌ردوو سێكته‌رى كشتوكاڵ و گه‌شتیاری به “گه‌شتوكاڵ” راگه‌یاند و هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش له سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه سەردانی کێڵگەی کوردستانی بۆ بەروبوومی ناوازە کرد.
حه‌مید بارام به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره به 964ـى وت، پڕۆژه‌كه به سه‌رپه‌رشتى راسته‌وخۆى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ماوه‌یه‌كه ده‌ست به دروستكردنى كراوه.
وتیشی “پڕۆژه‌كه له هاوینه‌هه‌وارى ئاوێسه‌رى سنوورى شارۆچكه‌ى ته‌وێڵه ئه‌نجام ده‌درێت”.
به قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه، پڕۆژه‌كه ده‌بێته وێستگه‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌ردوو سێكته‌رى گه‌شتیارى و كشتوكاڵ له سنوورى هه‌وراماندا.
وه‌ك له وێنه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، پڕۆژه‌كه له سه‌ررتاى دروستكردنیدایه، كه ده‌بیندرێت ته‌نیا چه‌ند لادیوارێكی كۆنكرێتى بۆ دروستكراوه.
حه‌مید بارام روونیده‌كاته‌وه، به ته‌واوبوونى ئه‌م پڕۆژه‌یه کاریگەری زۆرباش بۆ کەرتی گەشتیاری ناوچەکە دروست ده‌كات.