ناکرێن بە پارک
زەوییەکانی سێ گەڕەکەکەی زاخۆ چارەنوسیان دیاریکرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
شارەوانی زاخۆ ئەو دەنگۆیان رەتدەکاتەوە کە گوایە ژمارەیەک پارچە زەوی سێ گەڕەکی شارەکە دەکرێن بە پارک، دەڵێت، وەک قەرەبوو دەدرێن بەو هاوڵاتیانەی کە زەوییەکانیان بەر کۆڕنیشی زاخۆ دەکەون.
زەوییەکان 13 پارچەن، دەکەونە گەڕەکەکانی شقا، سیمالکا و مەهەندیک، بەشێک لەو هاوڵاتیانەی کە لە نزیک ئەو زەویانە نیشتەجێن، پێیانوابوو دەکرێن بە پارک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.11.2023، یونس محەمەد، سەرۆکی شارەوانی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند، هیچ بڕیارێک نییە ئەو زەیانە بکرێن بە پارک، بەڵکو وەک قەرەبوو دەدرێن بەو هاوڵاتیانەی کە زەوییەکانیان بەر کۆڕنیشی زاخۆ دەکەون.
“ئەگەر ئەو زەویانە وەک قەرەبوو نەدرانایە بە هاوڵاتیان، ئەوا دەدران بە بازرگانان تا وەبەرهێنانیان تێدا بکەن”، یونس محەمەد وای وت.
بەشێک لە هاوڵاتیان ئەو گەڕەکانە دەڵێن، وا باشتر بوو لەبری شوێنی نیشتەجێبوون، ئەو زەیانە بکرانایا بە پارک.
رێناس رەجەب، دانیشتوی یەکێک لەو گەڕەکانەیە، ئەو بە 964ـی وت، “باشتر بوو ئەو زەویانە بکرانایا بە پارک، بەو جۆرە رێژەی سەوزاییش زیاتر دەبوو”.
جاسم سەبری، چالاکوانێکی زاخۆیە، بە 964ـی وت، بەشێک لە هاوڵاتیان بەو مەبەستە لە نزیک ئەو پارچە زەویانە خانویان کڕیووە، کە بکرێن بە پارک، “ئێستا کێ قەرەبووی ئەوان دەکاتەوە”.
سەرۆکی شارەوانی زاخۆش دەڵێت، “هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکانە ئاگادار دەکەین و بەڵێنیان پێ دەدەین ئەو زەویانە دەبنە شوێنی نیشتەجێبوون و هیچ ئەزیەتێک بۆ هیچ کەسی دەوروبەر دروست نابێت”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر