"ملیۆن و نیوێک سزایە"
گەراجەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە کۆیە یەکخران
دەریا ئەحمەد – کۆیە
گەراجەکانی گواستنەوەی سەرنشینان لە کۆیە کران بەیەک گەراج و لە ئەمڕۆوە سەرجەمیان لە گەراجی گشتی کۆیە کاردەکەن، بەڕێوەبەری نوسینگەی گواستنەوەی کۆیەش دەڵێت، “هەر شۆفێرێک پابەند نەبێت بەبڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار سزا دەردێت و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشیدا دەگیرێت”.
سەرهەد محەمەد، بەڕێوەبەری نوسینگەی گواستنەوەی کۆیە بە 964ـی وت، “بەئامانجی نەهێشتنی ئەو ناڕێکیەی لە ئەنجامی جیاوازی گەراجەکان و ناشرینی ئەو سیمایەی کە لە گەراجە لاوەکیەکاندا هەبوو، بە بڕیاری هاوبەشی قایمقامیەت و سەرۆکایەتی شارەوانی و هاتوچۆ و ئاسایش و نوسینگەی گواستنەوەی کۆیە، بڕیارماندا لە ئەمڕۆوە سەرجەم هێڵەکانی گواستنەوەی دەرەوەی شار لەیەک گەراج دا کۆبکرێنەوە کە گەراجی گشتی کۆیەیە و دەکەوێتە تەنیشت ناوچەی پیشەسازی شارەکە”.
ئەو بەڕێوبەرە باسی لەوەشکرد، بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە گلەییان لە دووری گەراجەکە هەیە، ئەوان لەناو شار پاسیان دابینکردووە کە بە 500 دینار دەچێتە گەراجەکە و هاوڵاتییان گرفتیان نابێت بۆ گەیشتن بەو شوێنە، لەوێشدا شوێنی پشوودان و کافتریا و فێنککەرەوە بوونی هەیە.
وتیشی، تەنیا تەکسی لۆگۆ قاوەیی بۆی هەیە هێڵی دەرەوەی شار بەکاربهێنێت، هاتوچۆی کۆیە و بازگەگانی دەرەوەشیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کە، هەر تەکسیەکی لۆگۆ سور ئەو کارە بکات، رێگری لێبکرێت و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا بگیرێت، هەر ئەوەش نا، بە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار سزای ماددیش بدرێت.
جاران هەریەک لە گەراجەکانی ( کۆیە ـ سلێمانی) و (کۆیە ـ رانیە) لە سەنتەری شاردا بوون و ئێستا ئەم گەراجانە لادراون و گواستراونەتەوە بۆ گەراجی گشتیی کۆیە کە پێشتر هێڵەکانی کۆیە بۆ (هەولێر ـ کەرکوک ـ تەقتەق) کاریان تێدا دەکرد.
پێداچوونەوە؛ هەژان هادی