ئەو پارێزگایانەی رێکنەخراون
پەرلەمانی عێراق یاسای پارێزگاکان هەموار دەکاتەوە “دەسەڵاتی زیاتر بۆ پەرلەمانتاران”
فەرهاد حەسەن
لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان، هەوڵەکانی بۆ تەواوکردنی هەموارکردنەوەکانی “یاسای پارێزگاکانی رێکنەخراو لە چوارچێوەی هەرێمدا” دەستپێدەکات، بە ئامانجی رێکخستنی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و بەهێزکردنی پرەنسیپی لێپرسینەوە.
پەرلەمانتار، نیهال شەرمەری بە رۆژنامەی (سەباح)ی راگەیاندووە کە هەموارکردنەوەکان پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی تەرخانکراوە داراییە ناوخۆییەکان لەخۆدەگرێت، هەروەها بە وردی ئەو لایەنە دیاری دەکرێت کە لێپرسینەوە لە پارێزگار و بەرپرسان دەکات تاوەکو کەلێنەکانی کارکردنی رابردوو چارەسەر بکرێن، ئەمە جگە لە پێکهێنانی لیژنەی لاوەکی بۆ بەدواداچوونی مەیدانی.
لایخۆشییەوە، پەرلەمانتار ئەحمەد شەرمانی ئاشکرای کرد کە پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ پێشکەش کراوە، تاوەکو مەودایەکی چاودێریی فراوانتر بە پەرلەمانتاران بدرێت بۆ بەدواداچوونی مەلەفە خزمەتگوزاری و داراییەکان لە ناو پارێزگاکانیاندا، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم جوڵە یاساییە هاوتەریبە لەگەڵ رێڕەوی حکومەتەکەی زەیدی لە بواری چاودێریکردندا، هەروەها تێکەڵبوونی کارگێڕی کەمدەکاتەوە و رێگری لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی شەفافیەت.
تاوەکو رۆژی 14.4.2025 عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە خاوەنی 18 پارێزگا بوو بەڵام لەدوای ئەم بەروارە دوای دەنگدانی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە راگەیەندرا و بوو بە چوارەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان و 19مین پارێزگای عێراق.
پێشتر لە رۆژی 13.3.2014 بە فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک چوارەم پارێزگای کوردستان ناسێنرا و لە دوای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، بووە چوارەم پارێزگا.
رۆژی 5.5.2025 یش، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لەمڕۆوە بە پێی یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2025، بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە دەناسرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای دەرکردنی مەرسومیش لە لایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە لە هەفتەی داهاتوو رێنمایی سەرجەم دامەزراوە دەسەڵاتەکانی عێراق دەکرێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ و 19مین پارێزگای عێراق.