هاوینی تەتە بە تام و بۆنی زستان

بەفری چەند مەتری؛ گەشتیاران بەرەو هەورامانی تەخت رادەکێشێت

ئەمەل ناجی

بەهۆی سەختیی جوگرافیای ناوچەکە و بارینی بەفرێکی زۆر لە وەرزی زستاندا، رێگەی ژاڵانە و شاخی تەتە بۆ ماوەی چەند مانگێک بە تەواوی دادەخرێت و تەنها لە وەرزی بەهاردا دەکرێتەوە، مانەوەی ئەم بەفرە زۆرە لەم کاتەی ساڵدا، دیمەنێکی ناوازەی بەخشیوەتە ناوچەکە کە تێیدا زستان و هاوین لە یەک کاتدا کۆبوونەتەوە.

پەیامنێری 964 لە لوتکەی تەتەوە پێمان دەڵێت، گەشتیاران لە ھەموو ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێرانەوە کاتێک بە رێگاکەدا تێدەپەڕن دادەبەزن و چێژ لەو دیمەن و کەشوھەوا فێنکەی ناوچەکە وەردەگرن، لە کاتێکدا کە پلەی گەرمی شارەکان رۆژ بە رۆژ بەرزتر دەبێتەوە، لەو شوێنەدا خۆیان فێنک دەکەنەوە.

لە بەشی سەرەوەی رێگەکەدا کە پێی دەڵێن گەردنەی تەتە، چەند کەبابخانە و چاخانەیەکیش ھەیە کە گەشتیاران دەتوانن نانێکی خۆش لە کەشوھەوایەکی فێنکشدا نۆش بکەن، و چێژ لە ڤیوی باشوری کوردستان وەربگرن، چونکە لەسەر شاخەکەوە، بەشێکی ھەورامان، ھەڵەبجە و شارەزوور دیارە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح